2008/7/17
ئه‌نجومه‌نی‌ رۆژنامه‌وانانی‌ كوردستان/ رۆژهه‌ڵات دامه‌زرا

  له‌ راگه‌یاندراوێكدا كه‌ نوسخه‌یه‌كی به‌ ده‌ست "ماد نیوز" گه‌یشتووه‌، ئه‌نجومه‌نی رۆژنامه‌وانی كوردستان/رۆژهه‌ڵات دامه‌زراندنی خۆی راگه‌یاندووه‌.

ماد نيوز: ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی راگه‌یاندراوی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه‌:

راگه‌یاندنی‌ دامه‌زرانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ رۆژنامه‌وانانی‌ كوردستان/ رۆژهه‌ڵات

ENCUMENY ROJNAMEWANANI KURDISTAN / ROJHELAT

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان،
سه‌ندیكا و رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كانی كوردستان و جیهان،
رۆژنامه‌وانان و راگه‌یاندنكارانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ...

به‌ پابه‌ندبوونی به‌ پێوه‌ر و بنه‌ماكانی نێوده‌وڵه‌تی كاری رۆژنامه‌وانی و پره‌نسیپه‌كانی رۆژنامه‌وانی ئازاد و بێلایه‌ن كه‌ تیایدا بوێری و راستگۆیی و شه‌فافبێژی بكاته‌ سه‌رمه‌شقی كاره‌كانی، (ئه‌نجومه‌نی رۆژنامه‌وانانی كوردستان / رۆژهه‌ڵات) له‌لایه‌ن پۆلێك له‌ رۆژنامه‌وانان و راگه‌یاندنكارانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ دوای‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ و شرۆڤه‌ی‌ به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی‌ ناوخۆ، له‌ رێكه‌وتی‌ (5/4/2708) به‌رامبه‌ر به‌ (26/6/2008) دامه‌زرا و به‌ كۆی‌ ده‌نگ بڕیار درا راگه‌یاندنی‌ دامه‌زرانی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بلاَو بكرێته‌وه‌.
مه‌به‌ست له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ پیشه‌ییه‌، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری تاك و رێزگرتنه‌ له‌ بیروڕای جیاواز و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌رچه‌شنه‌ بانگه‌شه‌یه‌ك بۆ بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژیای تایبه‌ت.
ئه‌نجومه‌نی رۆژنامه‌وانانی كوردستان / رۆژهه‌ڵات، ده‌بێته‌ چه‌ترێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌وانانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چ له‌ ناوخۆ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و كار و چالاكییه‌كانی خۆی له‌پێناو پاراستنی ماف و ئازادییه‌كانی مرۆڤ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ده‌ستبه‌ركردنی ئازادیی راده‌ربڕین و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی نیشتیمانی ده‌ست پێده‌كات. هه‌ربۆیه‌ ده‌رگه‌ی‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ رووی هه‌موو راگه‌یاندنكارێكی‌ به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌خلاقی‌ پیشه‌یی‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی‌ رۆژهه‌لاَتی‌ كوردستان واڵایه‌ و ده‌توانن به‌ بوون به‌ ئه‌ندام له‌م ئه‌نجومه‌نه‌ پیشه‌ییه‌، ئه‌ركی رۆژنامه‌وانیی خۆیان به‌جێ بگه‌یه‌نن و به‌شداری بكه‌ن له‌ كۆنفرانسی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌ن كه‌ تیایدا چوارچێوه‌ی كار و هه‌یكه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌نجومه‌ن دیاریده‌كرێت و ئه‌ندامانی به‌شداربووش ده‌توانن بیروڕا و بۆچوونه‌كانی خۆیان بخه‌نه‌ روو له‌پێناو كاراتركردنی كاری ئه‌نجومه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌توانن له‌ رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئه‌ركی قورستر وه‌ئه‌ستۆ بگرن بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر چه‌شنه‌ پێشێلكردنێكی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌ربه‌سته‌كانی‌ دیموكراتیزه‌كردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ڵوێست وه‌ربگرین.
داوا له‌و رۆژنامه‌نووس و راگه‌یاندنكارانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ین كه‌ خوازیاری ئه‌ندامه‌تین له‌ ئه‌نجومه‌نی رۆژنامه‌وانانی كوردستان / رۆژهه‌ڵات، دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ و پێره‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌ن، له‌ رێگه‌ی ئه‌م ناونیشانه‌وه‌ ناوی خۆیان بنووسن:
ERK.rojhelat@yahoo.com


ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری
ئه‌نجومه‌نی رۆژنامه‌وانانی كوردستان / رۆژهه‌ڵات ( ERK )
14/7/2008

نووسینی: ‌ ماد نيوز ڕێکه‌وتی 11:04 | چینی: كوردستانی
به‌سته‌ر | بۆ که‌سی‌تر | بۆچوون(0)


تێبینی تۆ ؟