ماد نیوز: ئه‌وه‌ی خواره‌وه ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه كه به ده‌ستی "ماد نیوز" گه‌یشتووه:
راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌ش
له 19 ساڵه‌ی تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانیدا
هه‌ر وه‌ک له دیرۆکی خوێناوی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا، له‌ده‌سدانی بلیمه‌ته هه‌ڵکه‌وتووه‌کان داخی گرانی له‌سه‌ر دڵی هه‌موو ئازادیخوازێک به‌جێهێشتووه، 19 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆ له 22 پووشپه‌ڕی 1369 هه‌تاوی رێکه‌تی 13 جولای 1989 زایینی، به تێرۆری د. عه‌بدولره‌حمان قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی، لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه له غه‌در و سته‌م دژ به نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌ڵدرایه‌وه.
ئه‌م تاوانه به به‌رچاوی جیهانی مۆدێڕن و له‌سه‌ر خاکی وڵاتی ئۆتریش که به ڕوواڵه‌ت خۆی پابه‌ند به دادپه‌ره‌وه‌ری و دیمۆکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ داناوه، خوڵقاو.
له‌ده‌سدانی که‌سایه‌تییه‌کی پایه‌به‌رز و سه‌رکرده‌یه‌کی لێهاتووی وه‌ک د. قاسملوو نه‌ک هه‌ر بۆ حیزبه‌که‌ی به‌ڵکوو بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد و بۆ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی له ئێران و له جیهاندا خه‌سارێکی گه‌وره بوو.
مخابن بێجگه له‌و ڕێبه‌ره هه‌ڵکه‌وتووه پۆلێک سه‌رکرده‌ی دیکه‌ی کورد وه‌ک سه‌عید یه‌زدانپه‌نا دامه‌زرێنه‌ری پارتی ئازادیی کوردستان و سه‌دیق که‌مانگه‌ر له رێبه‌ریی کۆمه‌ڵه و د. سادق شه‌ره‌فکه‌ندی سکرتێری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران هه‌ر به زه‌بری ده‌زگای تێرۆر و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامیی له ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی ئێران، تێرۆر کران و گیانیان به‌خت کرد.
ئه‌مڕۆ له 19 هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی ئه‌و تاوانه‌دا، ئێمه کۆمیته‌کانی هه‌ر سێ حیزبی کوردستانی له هوله‌ند، کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، ئه‌و جینایه‌ته به‌توندی مه‌حکوم ده‌که‌ینه‌وه و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرین که، جیهانی ئازاد و دیمۆکرات، ده‌وڵه‌تی ئوتریش بۆ وه‌گه‌ڕخستنی که‌یسی تێرۆری د. قاسملو و هاوڕێیانی بخه‌نه ژێر گوشاره‌وه و تا داد په‌روه‌ری و مرۆڤایه‌تی حوکم بدا و رێگا له دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره تاوانانه دژ به ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بگێڕێ.
سڵاو له شه‌هیدی سه‌رکرده د. قاسملوو و
سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای ئازادیی کورد و کوردستان
1- پارتی ئازادیی کوردستان
2- کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران
3- حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
20 پووشپه‌ڕی 2708
10 جولای 2008