ماد نیوز: ئه‌وه‌ی خواره‌وه ده‌قی راگه‌یاندراوی كۆمیته‌كانی ئوتریشی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی ئازادی كوردستانه.
راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی دوو هێزی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
له 19 ساڵه‌ی تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانیدا
22 پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ، 19 ساڵ به‌سه‌ر تاوانێکی گه‌وره‌ی دیکه‌ی دوژمنانی ماف و ئازادییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد؛ تێرۆری سه‌رکرده‌ی لێهاتووی کورد سکرتێری گشتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران د. عه‌بدولره‌حمان قاسملو و هاوڕێیانی تێده‌په‌ڕێ.
ئه‌م غه‌در و تاوانه گه‌وره‌یه له لایان به‌رزترین کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری له‌سه‌ر درابوو و به‌هۆی داموده‌زگا و پیاوکوژه تایبه‌ته‌کانی ئه‌و رێژیمه‌وه، له پێته‌ختی ئوتریشی جه‌رگه‌ی ئوروپای دیمۆکرات دا به‌رێوه‌چوو. تێرۆریسته‌کان پاش ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌یان به شێنه‌یی و بێ لێپرسینه‌وه به‌ره‌و تاران گه‌ڕانه‌وه.
تێرۆری د. قاسملو نه‌ک هه‌ر بۆ حیزبه‌که‌ی به‌ڵکوو خه‌ساره‌تێکی گه‌وره بوو بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد و بزوتنه‌وه رزگاریخوازه‌که‌ی.
به‌دووای د. قاسملو دا ژماره‌یه‌کی دیکه له سه‌رکرده سیاسییه‌کانی گه‌لی کورد به بڕیاری ڕێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی به‌ده‌ستی تاقمه تێرۆریستییه‌کانی تێرۆر کران. له‌وانه سه‌دیق که‌مانگه‌ر له رێبه‌رانی کۆمه‌ڵه، سه‌عید یه‌زدانپه‌نا دامه‌زرێنه‌ری پارتی ئازادیی کوردستان و د. سادق شه‌ره‌فکه‌ندی سکرتێری گشتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و پۆلێک له سه‌رکرده و ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران.
له 19 ساڵه‌ی جینایه‌تی ڤییه‌نا دا، ئێمه کۆمیته‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان، و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران له وڵاتی ئوتریش جارێکی دیکه له دژی ئه‌و تاوانه ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕین و له‌هه‌موو ویژدانه به‌خه‌به‌ره‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌خوازین، بۆ وه‌گه‌ڕخستنی په‌روه‌نده‌ی ئه‌و جینایه‌ته له لایان ده‌زگای داده‌وه‌ریی ئوتریشه‌وه ده‌نگیان بخه‌نه پاڵ ده‌نگی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد.
1- پارتی ئازادیی کوردستان
2- حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
21 پووشپه‌ڕی 2708
11 جولای 2008