ئاژانسێكی تورك ده‌ڵێ: دوای ته‌سلیمبوون ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی PKK به پارتی دیموكراتی كودستان، موراد قه‌ره‌ییلان له نوسراوێكدا هه‌ره‌شه له بارزانی ده‌كات كه ده‌ست له كاروباری پارتی كرێكارانی كوردستان وه‌رنه‌دات.
ماد نیوز: سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بۆ "ماد نیوز"ی ئاشكرا كرد: ماوه‌ی 10 رۆژ له‌مه‌وپێش ، یوسف تورهاللی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی كرێكارانی كوردستان له گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی هاورێی خۆی ته‌سلیم به هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی توركی رایانگه‌یاندبوو كه تورهاللی له‌گه‌ڵ 20 كه‌س له هاورێیانی خۆی ته‌سلیم كردووه به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ی "ماد نیوز" ئه‌و لێدوانانه‌ی ره‌تكردووه و رایگه‌یاند: ئه‌و كه‌سه ته‌نیا 2 یان 3 كه‌س له هاورێیانی له‌گه‌ڵ بووه.
ته‌له‌فزیۆنی توركی SKY TURK، له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاند: موراد قه‌ره‌ییلان له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا نامه‌یه‌كی هه‌ره‌شه ئامێزی بۆ مه‌سعود بارزانی ناردووه و وێرای داوای ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی "یوسف تورهاللی" به هێزه‌كانیان، هه‌ره‌شه‌ی لێكردووه كه ده‌ست له كاروباری ناوخۆیی پارتی كرێكارانی كوردستان وه‌رنه‌دات.
به پێی ئه‌و هه‌واڵه كه تا ئێستا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ی كوردی دانی پیانه‌ناوه، قه‌ره‌ییلان رایگه‌یاندووه: ئه‌گه‌ر بێتوو پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی له ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه بپارێزێ ئه‌وه PKK به‌رپرسی رووداوه‌كانی داهاتوو نابێ.
شایه‌نی باسه تورهاللی كه له ناو هه‌ڤاڵاندا به "دۆكتۆر عه‌لی" ناسراوه خه‌ڵكی گوندی "ریز" سه‌ر به شاری "بینگۆل"ه و له ناو پارتی كرێكارانی كوردستان چه‌ندین به‌رپرسیارێتی جۆراوجۆری وه‌ستۆ بووه.
به پێی زانیارییه‌كانی "ماد نیوز" ئه‌و كه‌سه پێشتر به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی "ئامه‌د" بووه.