700 رۆشنبیری ئێرانی، پێكهاتوو له چالاكانی سیاسی، مه‌ده‌نی، خوێندكاری و ژنان، له نوسراوێكدا دوای ئازادكردنی چالاكی مه‌ده‌نی كورد، محه‌ممه‌د سه‌دیق كه‌بودوه‌ند ده‌كه‌ن.
له نوسراوه‌كه‌دا كه به واژووی تێكرای ئه‌و رۆشنبیرانه له سه‌ر تۆڕی ئینتێرنێت بڵاوبۆته‌وه، وێرای ئاماژه به بیوگرافی كه‌بودوه‌ند نوسراوه: نزیك به 11 مانگ له‌مه‌وپێش محه‌ممه‌د سه‌دیق كه‌بودوه‌ند سه‌رۆكی رێكخراوی به‌رگری له مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان و خاوه‌ن ئیمتیازی و سه‌رنووسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی "په‌یام مردم" ده‌ستگیر كراوه. ناوبراو له‌و ماوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ تووشبوونی به نه‌خۆشیه جۆراوجۆره‌كان وه‌كوو گورچیله، پێست، خوێن و سیپه‌لاك، 7 مانگ له به‌ندیخانه‌ی تاكه‌كه‌سی دا راگیراوه و ئێتستاش له ناو تاوانبارانی گشتی به‌ندیخانه‌ی "اوین" دا له بارودۆخێكی خراپدایه.
له درێژه‌ی ئه‌م نوسراوه‌دا هاتووه: تاوانی كه‌بودوه‌ند، كرده‌وه دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له رێگه‌ی دانانی رێكخراوی به‌رگری له مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، پروپاگه‌نده‌ی به‌ربڵاو دژی نیزام له رێگه‌ی ده‌ركردنی به‌یاننامه و راگه‌یاندراو و دیداره‌كان له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنه‌كانی ده‌ره‌وه، راگه‌یاندراوه.
داوانامه‌كه‌ی ئه‌و رۆشنبیرانه له كۆتاییدا به ناو و واژووی هه‌ركام له‌و چالاكانه بڵاوبۆته‌وه.
شایه‌نی باسه محه‌ممه‌د سه‌دیق كه‌بودوه‌ند له خاكه‌لێوه‌ی 1384 رێكخراوی به‌رگری له مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان دامه‌زراند و له ماوه‌ی كاركردنیشیدا به كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌لێك له چالاكانی مافی مرۆڤی كوردستان و ئێران هه‌وڵی دا به شێوازیكی یاسایی و مه‌ده‌نیانه په‌رده له‌سه‌ر كرده‌وه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر كوردانی دانیشتوی ئه‌و وڵاته هه‌ڵبگرێ. بڵاوكردنه‌وه و ئاگاداركردنه‌وه‌ی رای گشتی جیهانی له‌سه‌ر رووداوه‌كان و پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له كوردستان له لایه‌ن رێكخراوی به‌رگری له مافه‌كانی مرۆڤ، ئێستا به یه‌كێك له تاوانه‌كانی كه‌بودوه‌ند به ژمار دێت.
بریاربوو دوینێ دادگایی كه‌بودوه‌ند به‌رێوه بچێت به‌ڵام دواخرا.
ئه‌م هه‌واڵه له كاتێكدایه كه راگه‌یاندراوێكی رێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كه‌بودوه‌ند به‌ری به‌یانی دوینێ سێشه‌ممه، جه‌لته‌ی سوك (سكته‌ی خفیف) له‌یداوه. هۆی ئه‌م ناساغیه، نه‌گه‌یشتنی خوێن بۆ مێشكی كه‌بودوه‌ند راگه‌یاندراوه. ئه‌و رێكخراوه نیگه‌رانی خۆی له بارودۆخی خراپی كه‌بودوه‌ند ده‌ربریوه.
له لایه‌ن ده‌زگای دادوه‌ری كۆماری ئیسلامییه‌وه داوای كه‌فاله‌تی (150) میلیۆن تمه‌نی بۆ ئازاد كردنی محه‌ممه‌د سه‌دیق كه‌بودوه‌ند كراوه كه بنه‌ماڵه‌كه‌ی رایانگه‌یاندووه له توانایان دا نییه.