دوكتور "گریگۆری ستانتۆن"، سه‌رۆكی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی چاو‌دێری جینۆساید رایگه‌یاند: ئه‌نفالی گه‌لی كورد هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی جینۆسایدی تێدایه و ده‌بێ كۆمه‌ڵگای جیهانی لێ ئاگادار بكرێته‌وه.
ئێواره‌ی دوینێ پێنجشه‌ممه 15/5 له كۆرێكدا له سه‌نته‌ری رۆشنبیری زانكۆی سه‌لاحه‌دین كه بۆ سه‌رۆكی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی چاو‌دێری جینۆساید سازدرابوو، پرسی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفالی گه‌لی كورد له روانگه‌یه‌كی زانستییه‌وه خرایه به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ جینۆسایده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌ڵسه‌نگێندرا.
د.گریگۆری له باسه‌كه‌یدا، رووداوی جینۆسایدی روواندا و كامبۆدیای باس كرد و ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی كه‌متر له ئه‌نفال نه‌زانی.
به بۆچوونی گریگۆری سێ تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵكوژی (جینۆساید) له رووداوێك جیا ده‌كاته‌وه ئه‌ویش :
1- مه‌به‌ستدار بوونی كرده‌كه
2- هه‌وڵدان بۆ له ناو بردنی گروپێك
3-له ناو بردن
سه‌رۆكی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی چاو‌دێری جینۆساید گوتی: ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كورد له كوردستاندا هاتوو هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی جینۆسایدی تێدایه.
ئه‌و مرۆڤناسه ئه‌مریكییه گوتی :له‌و قۆناغه‌دا ده‌بێ كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌م كاره‌ساته به كۆمه‌ڵگای جیهانی بناسێنین. چونكه یه‌كێك له مه‌به‌سته‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و لایه‌نانه‌ی كه جینۆساید ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یه كه نكۆڵی له‌و كرده‌وه‌شیان ده‌كه‌ن. بۆیه كورد ده‌بێ بیسه‌لمێنی كه كاره‌ساتێكی به‌سرهاتووه و مه‌به‌ستیش پاكتاوی ره‌گه‌زی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه.
گریگۆری گوتی: ده‌بێ ئه‌م كاره بكرێ بۆ ئه‌ه‌وه‌ی جارێكی دیكه كورد ئه‌نفال نه‌كرێته‌وه.
ئه‌و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای بیانی یارمه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یان داوه و ئه‌گه‌ر دادگای عێراق بیهه‌وێ ده‌توانێ دادگاییان بكات.
گریگۆری ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه كورد جگه له جینۆساید، "ئێكۆساید"یشی به‌سه‌ردا هاتووه و له ئه‌نجامی پرۆسه‌ی له ناوبردنیدا، گونده‌كانیش وێران كراون، ئاژه‌ڵ كوژراوه و دارستانه‌كان بڕاونه‌ته‌وه.
له كۆتایی باسه‌كه‌دا، رای و تێبینی به‌شدرابووان بابه‌ته‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند كرد.
د.گریگۆری دواتر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه.