رۆژنامه‌یه‌كی توركی ئاشكرای كردووه بۆ بۆردومانكردنی كه‌ڵك له ئاسمانی ئێران وه‌رگیراوه و ئاڵوگۆری زانیاری له نێوان توركیا و ئێرانیش زیاتر بووه.
رۆژنامه‌ی "AKSAM" ی توركیا چاپی ئه‌مرۆ دووشه‌ممه 22 ی بانه‌مه‌ر، رایگه‌یاند: بۆ بوردومانكردنی شه‌وی رابردووی به‌رزاییه‌كانی قه‌ندیل كه‌ڵك له ئاسمانی ئێران وه‌رگیراوه و ناوچه‌كه به خه‌ستی بۆردومان كراوه.
به گوێره‌ی هه‌واڵی ئه‌و رۆژنامه‌یه بۆ به‌رفراوانكردنی هێرشه‌كان ئه‌م رێگه‌یه هه‌ڵبژێردراوه و ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه ئاڵوگۆری زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م پرسه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران زیاتر بووه.
ئه‌و رۆژنامه‌یه به پشت به‌ستن به راگه‌یاندراوی ئه‌ركانی سوپای توركیا له‌مه‌ر ئه‌و بۆردومانانه، رایگه‌یاند: له هێرشه‌كه‌ی دوینێ شه‌ودا زیانێكی زۆریان به بنكه‌كانی PKK گه‌یاندووه.
ماڵپه‌ری زمانحاڵی ئه‌ركانی سوپای تورك له بڵاوكراوه‌یه‌كدا "به‌ره‌و كۆتایی چوونی PKK"ی راگه‌یاندووه و ئه‌وه‌شی بۆ رای گشتی ده‌ربریوه كه سه‌ركرده‌كانی ئه‌و پارته له ناوچه‌ی قه‌ندیل هه‌ڵاتوون.
ئه‌مه له حاڵێكدا دوینێ یه‌كشه‌ممه له وتوێژێكدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی "رۆژ"، موراد كاراییلان، سه‌رۆكی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی PKK، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی به‌درۆ خسته‌وه و به شه‌رێكی ره‌وانی دژ به هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان له قه‌ڵه‌می دا.